چوار قۆناغی رێگاى (كۆیە – هەولێر) كاری تێدادەكرێت

وەزیری ئاوەدانكردنەوە: چوار قۆناغی رێگاى (كۆیە – هەولێر) كاری تێدادەكرێت

وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت: لە ئێستادا پڕۆژەی رێگای (كۆیە – هەولێر) بە چوار قۆناغ كاری تێدا دەكرێت و رێگای دەشتی كۆیەش شەش ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە و هەفتەی داهاتو دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەمڕۆ دوشەممە (16/9/2019) هەریەكە لە دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، پرۆژەی رێگای نێوان (كۆیە –هەولێر)یان بەسەر كردەوە.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، وەزیری ئاوەدانكردنەوە رایگەیاند: پڕۆژەی رێگای كۆیە-هەولێر، بە پێنج قۆناغ جێبەجێ دەكرێت و لە ئێستادا چوار قۆناغی پڕۆژەكە كاری تێدادەكرێت و قۆناغی پێنجەمیش كە لەلایەن كۆمیانیایەكی ئێرانییەوە جێبەجێ دەکرێت لە نزیكترین كاتدا دەست بە كاركردن دەكەن.

وتیشی :”پڕۆژەكە (430) ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە كە قۆناغ بە قۆناغ پارەكەی بۆ سەرف دەكرێت”.

سەبارەت بە رێگای دەشتی كۆیەش، دانا عەبدولكەریم رایگەیاند: بڕی شەش ملیار دینار بۆ ئەو پڕۆژەیە دابینكراوە و لە هەفتەی داهاتوەوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئاماژەی بەوەكرد؛ بڕە پارەیەكی دیاریكراو بۆ نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی رێگای نێوان هەمو شارەكانی هەرێمی كوردستان دیاریكراوە و لە هەفتەی داهاتوەوە دەست دەكرێت بە جێبەجێكردنیان.

لای خۆیەوە فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: رێگای كۆیە و هەولێر پڕۆژەیەكی گرنگە و دەمانەوێت لە رێگای باشكردنی رێگاكانەوە شوێنەواری كارەساتە ناخۆش و دڵتەزێنەكانی رابردو چاك بكەینەوە.

ئەم هەنگاوانەی وەزیری ئاوەدانكردنەوە لە كاتێكدایە كە لە كاتی دەستبەكاربونیدا رایگەیاندبو، لە ماوەی چوار ساڵی داهاتو تەواوی رێگا دوسایدەكانی نێوان شارەكان تەواو دەكەن لە ئێستاشدا بەشێكی زۆر لە رێگای دوسایدەكانی نێوان شارەكان كاركردن تێیاندا دەستی پێكردوە.