لە ماوەی (70) رۆژدا نۆژەنكردنەوەی رێگای نێوان شارەكان تەواو دەكرێن

 

وەزیری ئاوەدانكردنەوە: لە ماوەی (70) رۆژدا نۆژەنكردنەوەی رێگای نێوان شارەكان تەواو دەكرێن

وەزیری ئاوەدانكردنەوەی رایدەگەیەنێت؛ بڕی (40) ملیار دیناریان بۆ نۆژەنكردنەوەی رێگای نێوان شارەكان تەرخانكردوە و لە ماوەی (70) رۆژدا تەواو دەكرێن.

ئەمڕۆ پێنج شەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە نۆژەنكردنەوەی رێگای نێوان شارەكان، دانا عەبدولكریم وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: نۆژەنكردنەوەی رێگای نێوان شارەكان لە ئەولەوییەتی داواكارییەكان بوه، بۆیە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران بڕی (40) ملیار دیناریان بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخانکردوە.

وتیشی :”بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان لیژنەیەكمان لە وەزارەت پێكهێناوە بۆ قسەكردن لەگەڵ بەڵێندەرەكان، دوێنێش سپاردنی سەرجەم پڕۆژەكان تەواو بون و لە هەفتەی داهاتوەوە سەرجەمیان دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئاماژەی بەوەكرد، لە ماوەی (70) رۆژدا و پێش هاتنی وەرزی سەرما و سۆڵە دەبێت سەرجەمی ئەو پرۆژانە تەواو بكرێن و لە نزیكەوە چاودێری جێبەجێكردنی كارەكانی سەرجەم پڕۆژەكان دەكەن.

سەبارەت بە پڕۆژەی یەكەكانی نیشتەجێبون، وەزیری ئاوەدانكردنەوە جەختی كردەوە، دوای تەواو بونی چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبون بەسەر كەمدەرامەتاندا دابەشدەكرێن و ئەوەش لە رێگەی فۆرم و پێوەری شایستەبونی كەسەكان دەبێت بە تایبەتی بۆ کەسانی كەمدەرامەت تەرخان دەکرێت.