وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێ كردن ژمارەیەك پڕۆژە بەسەر دەکاتەوە

وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن ژمارەیەك پڕۆژە بەسەر دەکاتەوە و لە لێدوانێکیشدا رایدەگەیەنێت؛ هەر بەڵێندەرێک لە کارەکەیدا کەمتەرخەمی بکات، سزای دەدەن.
ئەمڕۆ سێشەممە (15/10/2019)، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێم ژمارەیەك پڕۆژەی چاككردنەوە و نۆژەنكردنەوەی رێگاكانی سنوری قەزای سۆرانی بەسەرکردەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ ئامانجی سەردانەکەیان بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربون بوە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بە کوالیەتییەکی بەرز، وتیشی: دەبێت لەماوەی (70) رۆژدا پڕۆژەکان تەواو بکرێن.
وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن ئاماژەی بەوەکرد، بڕی (40) ملیار دینار بۆ چاككردنەوە و نۆژەنكردنەوەی رێگاوبانەكانی هەرێم دراوەتە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، لەو بڕەش (11) ملیار دینار بۆ رێگاوبانەكانی پارێزگای هەولێر تەرخانكراوە كەبەسەر چوار زۆندا دابەشكراوە و هەر زۆنێك لەلایەن بەڵێندەرێكەوە سەرپەرشتی دەكرێت.
رونیشیکردەوە، بڕی حەوت ملیار و (800) ملیۆن دیناریان دراوەتە بەڵێندەرەكان و ئەو پڕۆژانەشی کە دەمێنێتەوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتەوە جێبەجێ دەكرێن، راشیگەیاند؛ بەپێی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ بەڵێندەرەكاندا كراوە، هەر بەڵێندەرێك كەمتەرخەمی لەپڕۆژەكانیدا بكات ئەوا سزا دەدرێت.
دانا عبدالكریم باسی لەو رێگا و پردانەش كرد كەساڵی رابردو بەهۆی كاریگەری لافاوەكانەوە خراپبون و رایگەیاند؛ لە پلانی ساڵی داهاتویاندا هەیە کە ئەو رێگا و پردانەش چاك بکەنەوە، بەڵام پێویستیان بە بودجەیەكی زۆر هەیە، وتیشی: بە باشتربونی دۆخی دارایی هەرێم و رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق، بەدڵنیاییەوە زۆرێك لەو پڕۆژانە بەئاسانی جێبەجێ دەكرێن.
ئەو پڕۆژانەی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی لە سنوری قەزای سۆران بەسەریكردنەوە، بریتیبون لە رێگای (سپیلك – خەلیفان، خەلیفان – سۆران، بالیسان – سۆران، گەلی عەلی بەگ – سۆران، هەروەها رێگای جوندیان – سۆران) كە بەپێی دەرخستە و پلانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێم، دەبێت لەماوەی (70) رۆژدا سەرجەم ئەو رێگایانە كاركردن تیایاندا تەواوببێت.