ھەوڵدەدەین رێگاکان بەشێوەیەک چاک بکەین کە گرفتی ھاتوچۆ نەمێنێت

“ھەوڵدەدەین رێگاکان بەشێوەیەک چاک بکەین کە گرفتی ھاتوچۆ نەمێنێت”

وەزیری ئاوەدانکردنەوە: زیاتر لە 10 ملیار دینار بۆ پرۆژەکانی پارێزگای دھۆک تەرخانکراوە

رۆژی دوشەممە 2019/10/28 بەڕێز دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ژمارەیەک پڕۆژەی لە سنوری پارێزگای دھۆک بەسەرکردەوە.

 

وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەو سەردانەیدا، کە ژمارەیەک لە بریکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانکردنەوەی دھۆک یاوەرییان دەکرد، لە سەرەتادا پڕۆژەی چاککردنەوەی رێگای بەردەڕەش-کەڵەک و دواتر چەند پرۆژەیەکی دیکەی بەسەرکردەوە.

 

بەڕێز دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ لە چوارچێوەی بەرنامەی وەزارەت بۆ نۆژەنکردنەوەو چاککردنەوەی رێگا سەرەکییەکانی نێوان شارەکانی ھەرێمی کوردستان، بڕی زیاتر لە 10 ملیار دینار بۆ سنوری پارێزگای دھۆک دیاریکراوە.

 

وتی: “ھیوادارین ئەو پرۆژانە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا تەواو بکرێن و پێش ھاتنی وەرزی سەختی زستان رێگای ھاتوچۆی ھاوڵاتیان کارئاسانی بۆ کرابێ و کێشەکان چارەسەر کرابێت”.

 

وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوەکرد، ئەو رێگایانەی زۆر خراپ بوە لەم بەرنامەیەدا تۆمارکراوەو چاککردنەوەی بۆ دەکرێت، ئەمەش بەرنامەیەکی چاکسازییەو ھەوڵ دەدەین لە ساڵانی داھاتودا ھەمو رێگاکانی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی وەھا چارەسەر بکەین کە گرفتی ھاتوچۆ نەمێنێت.