وەزیری ئاوەدانکردنەوە: درێغی ناکەین لە باشکردنی رێگاوبانەکان و خزمەتکردنی ھاوڵاتیان

رۆژی سێشەممە 2019/10/29 لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی پرۆژەکانی سنورەکە، بەڕێز دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێ کردن سەردانی پارێزگای دھۆکی کردو لەلایەن بەڕێز فەرھاد ئەتروشی پارێزگاری دھۆکەوە پێشوازی لێکرا.

 

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا، پارێزگاری دھۆک خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە کە بۆ جاری دوەمە سەردانی دھۆک دەکات بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی پرۆژەکانی وەزارەت و رایگەیاند، سەردانی بەڕێز وەزیری ئاوەدانکردنەوە نیشانەی ھەماھەنگی ھەردولاو سوربونی بەڕێزیانە بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژەکانی سنورەکە. ئێمەش پێشوازی لەو ھەماھەنگی و ھەنگاوانە دەکەین.

 

لەبەرامبەردا بەڕێز دانا عەبدولکەریم، وێڕای سوپاسکردنی پارێزگاری دھۆک و جێگری پارێزگار و تیمی پارێزگا، ئاماژەی بە ئامانجی سەردانەکەیان کرد بۆ دھۆک و رایگەیاند؛ سەردانەکەمان بۆ پارێزگای دھۆک بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی ئەو پرۆژانەیە کە لە چوارچێوەی ئەو 40ملیار دینارەی تەرخانکراوە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی رێگای شارەکانی ھەرێمی کوردستان، کە بەشێکی ئەو بودجەیە بۆ پارێزگای دھۆک تەرخانکراوە کە بڕەکەی 10ملیار دینارە.

 

وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێ کردن ئاماژەی بەوەکرد، دوێنێ بەشێک لە پرۆژەکان و ئەمرۆش بەشێک لە پرۆژەکان بەسەردەکەنەوەو وتیشی:”پرۆژەکان ئیشی باشیان تێدا کراوە، ئەمە سەرەتایەکی باش بو بۆ چاککردنەوەی ئەو رێگایانەی کە ھاتوچۆی زۆری ھاوڵاتیانی لەسەرە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی خێرا چاک بکرێن.

 

ھاوکات جەختی کردەوە، لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەی وەزارەتەکەمان ئەوەی لە تواناماندا بێت درێغی ناکەین لە خزمەتکردنی ھاوڵاتیانی دھۆک و باشکردنی رێگاوبانەکان.