وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێ کردن ژمارەیەک پڕۆژەی لە ئامێدی و زاخۆ بەسەرکردەوە

لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی پڕۆژەکانی سنوری پارێزگای دهۆک، بەڕێز دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێ کردن ژمارەیەک پڕۆژەی لە ئامێدی و زاخۆ و سیمیل بەسەرکردەوە.

 

لە سەردانەکەیدا، کە ژمارەیەک لە بریکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی لە ئەنجومەنی وەزیران و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانکردنەوەی دھۆک یاوەرییان دەکرد، لە زۆنی (دهۆک و سیمیل) پڕۆژەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی رێگای (گەلی دهۆک، بادێ. زاویتە)ی بەسەرکردەوە.

 

وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێ کردن لە سەردانەکەیدا بۆ سنوری پارێزگای دهۆک، سەردانی ناحیەی کانی ماسی کردو لەلایەن قائیمقامی ئامێدی و بەرپرسانی یەکە ئیدارییەکانی سنورەکەوە پێشوازی لێکرا، هاوکات قائیمقامی قەزای ئامێدی پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی لە سنورەکە بە گرنگ وەسف کردو ستایشی کارەکانی وەزارەت و هەوڵەکانی بەڕێز وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێ کردنی کرد بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکانیان لە سنورەکە، بەتایبەت بەسەرکردنەوەو ئەنجامدانی ژمارەیەک پڕۆژە لە ناحیەی کانی ماسی.

لای خۆشیەوە بەڕێز دانا عەبدولکەریم جەختی لەسەر بەردەوامی هەوڵەکانیان کردەوە بۆ باشکردنی رێگاوبانەکان و خزمەتکردنی هاوڵاتیان و ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی لە توانایاندا بێت درێغی ناکەن.

 

دواتر بەڕێز وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێ کردن ژمارەیەک پرۆژەی لە زۆنی ئامێدی و زاخۆ بەسەرکردەوە، لەناویاندا پڕۆژەکانی قیرتاوکردنی رێگای (میسکا) لە ناحیەی بامەڕنێ و پرۆژەکانی ناحیەی کانی ماسی و چاککردنەوەی رێگای زرێزەو پشکنینی خاکی رێگاکە، کە بەهۆی بارانبارین و لافاوی ساڵی رابردو رێگاکە دوچاری رۆچون ببوەوە.