وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دو پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبون لە رانیە و قەڵادزێ دەکاتەوە

رۆژی سێشەممە 5/11/2019 وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پڕۆژەکانی سنوری دەڤەری راپەڕینی بەسەرکردەوەو دو پرۆژەی یەکەی نیشتەجێبونی لە رانیە و قەڵادزێ کردەوە.

 

ئەندازیار دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ مەبەستی سەردانەکەمان بۆ دەڤەری راپەڕین کردنەوەی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری و بەسەرکردنەوەی ئەو پرۆژانەیە کە لە سنورەکە ئەنجامدەدرێن بەتایبەت چاککردنەوەی رێگاوبانەکان و سەرەتای سەردانەکەشمان کردنەوەی ٤٨ یەکەی نیشتەجێ بون بو لە رانیە.

 

ئاماژەی بەوەکرد، ئەم پرۆژەیە یەکێکە لەو پرۆژانەی لە چوارچێوەی کارە خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئەنجامدەدرێن، کە خزمەت بە خەڵکی کەمدەرامەت لە سنورەکە دەکات و ژمارەیەک خێزان لە کرێنشینی و نەبونی شوێنی نیشتەجێبون رزگار دەکات و دەیانکاتە خاوەنی یەکەی نیشتەجێبونی خۆیان.

 

وەزیری ئاوەدانکردنەوە جەختی کردەوە لەسەر بەردەوام بون لە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێ بون بەپێی توانای حکومەت و ھەروەھا تەواوکردنی پرۆژەی چاککردنەوەی رێگاوبانەکانی نێوان شارەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کە لەئێستادا لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان کارکردن تیایاندا بەردەوامە..