وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پڕۆژەی رێگای کۆیە کلکەسماقی بەسەرکردەوە

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پڕۆژەی رێگای کۆیە کلکەسماقی بەسەرکردەوە

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن: بەبێ جیاوازی خزمەتگوزاری دەبەینە ھەمو ناوچەکان

 

ڕۆژی سێشەممە ٢٠١٩/١١/١٢ ، ئەندازیار دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی رێگای کۆیە کلکەسماقی بەسەرکردەوە.

لە سەرەتای سەردانەکەشدا، بەڕێز وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەیاوەری بریکار و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی لە ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی قائیمقامیەتی کۆیەی کردو لەلایەن قائیمقام و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی سنورەکەوە پێشوازی لێکرا.

لە دیدارێکدا بەڕێز وەزیری ئاوەدانکردنەوە، ئاماژەی بە پڕۆژەکانی وەزارەتەکەیان کرد لە سنورەکە کە لەئێستادا لەبواری جێبەجێ کردندان و جەختی کردەوە، ھاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ خزمەتکردنی سنورەکە درێغی ناکەن و لە ھەوڵەکانیان بەردەوام دەبن.

لای خۆشیەوە بەڕێز یوسف حەسەن، قائیمقامی کۆیە وێڕای بەخێرھاتن و خۆشحاڵی دەربڕین بەو سەردانە، ستایشی ھەوڵەکانی بەڕێز دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح و کارەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی کرد بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکانیان لە سنورەکە و ئاماژەی بەوەکرد، بەڕێز وەزیری ئاوەدانکردنەوە ھەر لە سەرەتای دەستبەکاربونییەوە ھاوکارمان بوەو کاری باش لە سنورەکە کراوەو دەخوازین پڕۆژەکانتان لە داھاتوشدا بەردەوام بێت.

دواتریش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە میانی بەسەرکردنەوەی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی رێگای کۆیە کلکەسماق، بەڕێز دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح رایگەیاند؛ ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی ھەڵمەتی چاککردنەوەی رێگاوبانەکانە، کە بە سوپاسەوە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر داوای وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، رەزامەندی لەسەر دەربڕیبو، پرۆژەکە کاری باشی تێدا کراوەو ھیوادارین لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا تەواو بکرێت، ھاوشانی ئەو پڕۆژانەی لەسەرجەم پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ئێستا کاری تێدا دەکرێت.

سەبارەت بەژمارەیەک لەپڕۆژە وەستاوەکانی رابردو، بەڕێز وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ کردن رایگەیاند؛ بەھۆی قەیرانی داراییەوە ئەو پڕۆژانە وەستابون لەگەل باشبونی قەیرانی دارایی دەست بە جێبەجێ کردنی دەکرێت، لەئێستادا حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەرقاڵی پێداچونەوەیە بە ژمارەیەک لەو پڕۆژانەی کە پێویستە لە ساڵانی داھاتو دەست پێبکەنەوە لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان ئەوەش بەپێی گرنگی پڕۆژەکان، پرۆژەی رێگاوبانیش یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکان بەنیسبەت حکومەتی ھەرێمەوە، چونکە پەیوەستە بە ھاتوچۆ و سەلامەتی ھاوڵاتیان.

جەختیشی کردەوە؛ ئەم کابینەیە بڕیاریداوە بە یەک تیم کاربکات و ھەمو ھەرێمی کوردستان یەک پارچەیە، بەرنامە و پلانی حکومەت ئەوەیە جیاوازی لە نێوان ناوچەکاندا ناکات و خزمەتگوزاری بۆ ھەمو ناوچەکان دەبەین بێ جیاوازی.