سیستەمی دابڕانی گەرمی بینا لە سیمینارێکدا خرایەڕو

لە سیمینارێکدا، سیستەمی دابڕانی گەرمی بیناکان لە ھەرێمی کوردستان و بایەخ و گرنگی ئەم سیستەمە بۆ بینا خرایەڕو.

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە ٢٠١٩/١١/١٨ بە ئامادەبونی بەڕێز دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ کردن و بەڕێزان سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر و بریکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت سیمینارێک بەناونیشانی «سیستەمی دابڕانی گەرمی بیناکان لە ھەرێمی کوردستان» لە ھۆڵی بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی ھەولێر بەڕێوەچو.

 

سیمینارەکە لەلایەن ئەندازیار شەماڵ عەبدوڵا، بەڕێوەبەری بیناسازی لە وەزارەت پێشکەشکراو ئاماژەی بەبایەخ و گرنگی ئەم سیستەمە کرد بۆ بیناکان لە ھەرێمی کوردستان، کە بابەتێکی تەکنیکی و ئەندازیاریی لەخۆدەگرێت و بوەتە بابەتێکی گرنگ بۆ ئەوەی سودی لێ وەربگیرێت.

 

ھاوکات ئامانج و تایبەتمەندییەکانی سیستەمەکە و چۆنێتی بەدەستھێنانی دابڕانی گەرمی و پێویستییەکانی شیکردەوە، لە تەوەری کۆتایشدا بە گفتوگۆ و پرسیار و وەڵام بابەتەکە زیاتر دەوڵەمەند کرا.

 

دابڕانی گەرمی بریتییە لە بەکارھێنانی کەرەستەی گونجاو لە دروستکردنی بینادا کە رەوشەکانی یارمەتیدەر بێت بە مەبەستی پاراستنی پلەی گەرمی ناوەوە لە وەرزی زستاندا و رێگر بێت لە ھاتنە ناوەوەی پلەی گەرمی لە وەرزی ھاویندا.