دانا عەبدولکەریم: تەواوکردنی رێگا دوسایدەکان و 12هەزار یەکەی نیشتەجێبون بەشێکن لە پڕۆژە ستراتیژیەکانمان

ئەندازیار دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێ کردن رایدەگەیەنێت؛ بەشێک لە پڕۆژە ستراتیژیەکانیان تەواوكردنی رێگا دو سایدەکان و تەواوکردنی 12 هەزار یەکەی نیشتەجێ بونە لەماوەی چوار ساڵی داهاتودا. جەختیش دەکاتەوە نۆژەنکردنەوەی رێگای نێوان شارەکان بەشێوەیەکی باش بەڕێوەدەچێت.

لە چاوپێکەوتنێکدا کە گۆڤاری گوڵان لەگەڵیدا سازیداوە، ئەندازیار دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح دەڵێت: پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی رێگای نێوان شارەکان رێژەیەكی باش كاریان تێدا ئەنجام دراوە بەپێی ئەو راپۆرتانەی لەسەر پڕۆژەكان بەدەستمان دەگات و بەپێی ئەو سەردانە مەیدانییانەش كە خۆم بۆ سەر پڕۆژەكان دەیكەم، بە ئومێدین زۆربەی زۆری پرۆژەكان كە 70 رۆژی بۆ تەرخان كراوە، تەواو دەبن.

سەبارەت بە پلانی چوار ساڵی داهاتوی وەزارەت و پڕۆژە ستراتیژییەکانیان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە دەڵێت: بەرنامەی خۆمان بۆ چوار ساڵی داهاتو داڕشتوە و پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانمان كردوە و ئێستا چاوەڕێی ئەوەین لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند بكرێت، کە جەختمان کردوەتەوە لەسەر؛ رێگا دو سایدەكانی نێوان شارەكانی هەرێم تەواوبكرێن. هەروەها تا كۆتایی كابینەی نۆیەم 12 هەزار یەكەی نیشتەجێبون ئامادەبێت و پێشكەش بە خەڵكی كەمدەرامەت بكرێت، لەگەڵ ئاوەدانكردنەوەی گوندەكانی هەرێمی كوردستان

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەكی باش لە پڕۆژە ستراتیژییەكان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بودجەیان بۆ تەرخان كراوەتەوە كە ئەمساڵ و ساڵی داهاتو كاریان تێدا دەكرێت و بەپێی بەرنامەی خۆی تەواو دەبێت.

دەقی چاوپێکەوتنەکە
رێگە سەرەكییەكانی نێوان شارەكانی كوردستان و دەروازە سنورییەكان دەكەینە دوساید
بەرنامەی چوار ساڵی داهاتوی وەزارەت لەسەر رەهەندە گشتییەكانی بەرنامەی كابینەی نۆیەم داڕێژدراوە

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو وەزارەتە گرنگانەی كە بەشێكی گرنگی كارەكەی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێیە و ئەوەش پەیوەندیدارە بە هاوڵاتیانی كەمدەرامەت و كرێنشینەوە، بەشە گرنگەكەی دیكەی كاری ئەم وەزارەتە پەیوەندیدارە بە ئاسانكاری بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان و ئەنجامدانی ئەو پڕۆژە ستراتیژییانەیە كە بوارەكانی رێگەوبانەكان و هێڵی شەمەندەفەڕ و تەلار و باڵاخانەی گشتی دەگرێتەوە، لەمەش زیاتر دەكرێت بڵێین یەكێك لە هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی گشتی لەم وەزارتەوە دەستی پێ كرد، كە ئەویش نۆژەنكردنەوەی تەواوی رێگاكانی نێوان شار و شارۆچكەكانی كوردستانە، ئێستا كار بۆ ئەوە دەكەن كە لە ئایندەیەكی نزیكدا تونێلی مەسیف – شەقڵاوە تەواو بكەن، بۆ قسەكردن لەسەر بەرنامەی چوار ساڵی داهاتوی ئەم وەزارەتە گرنگە، گوڵان ئەم دیمانە تایبەتەی لەگەڵ ئەندازیار دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن ئەنجام دا، ئەویش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.

 

*بەشێكی گرنگی كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن دەستی پێ كرد، كە ئەویش تەرخانكردنی بڕێك پارە بو بۆ چاككردنەوەی رێگاوبانەكانی كوردستان پێش وەرزی باران بارین، هەروەها تەرخانكردنی برێك پارە بو بۆ تەواوكردنی تونێڵی مەسیف – شەقڵاوە، ئایا ئەم پرۆژانە گەیشتونەتە كوێ و تاچەند رێگاوبانەكان چاك كراونەتەوە و ئایا لەكاتی خۆیدا تەواو دەكرێن؟
دوای یەكەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی راویژكاریمان لەسەر ئاستی وەزارەت گرێ دا و لەو كۆبونەوەیەدا بەڕێوەبەرە گشتییە پەیوەندیدارەكانمان راسپارد بەپەلە دەرخستەیەك ئامادە بكەن بۆ نۆژەنكردنەوەی رێگا سەرەكییەكانی هەمو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، دوای تەواوبونی دەرخستەكان، پێشكەشی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانم كرد و جەختم لەسەر ئەوە كردەوە ئەگەر پەلە نەكرێت لە چاككردنەوەی رێگاوبانەكان، ئەوا لە وەرزی بەفر و باران بارین لەوانەیە بەشێك لەو رێگایانە نەتوانرێت هاتۆچۆی پێدا بكرێت، بێگومان سەرۆكی حكومەتیش بە سوپاسەوە رەزامەندی پیشان دا لەسەر تەرخانكردنی بودجەی پێویست بۆ ئەو پرۆژانە و بڕی 40 ملیار دیناری بۆ تەرخان كرد، دوای ئەمەش دەستمان كرد بە دانانی پلانێك بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان، ئەوە بو پارێزگای دهۆكمان كردە 8 زۆن و پارێزگای هەولێر 6 زۆن و پارێزگای سلێمانیش 6 زۆن و ئەمانە درانە بەڵێندەرەكان و هەر بەڵێندەرێك لە زۆنەكانی خۆیان بەپێی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵیان ئەنجامدرابو و بەپێ ئەو دەرخستانەش كە بۆ پڕۆژەكان ئامادە كرابو، دەستیان بە كارەكانی خۆیان كرد كە سەرجەمی ئەو پڕۆژانە لە سەروی 70 پڕۆژەن و هەمو پڕۆژەكان رێژەیەكی باش كاریان تێدا ئەنجام دراوە بەپێی ئەو راپۆرتانەی كە لەسەر پڕۆژەكان بەدەستمان دەگات و بەپێی ئەو سەردانە مەیدانییانەش كە خۆم بۆ سەر پڕۆژەكان دەیكەم، بە ئومێدین زۆربەی زۆری پرۆژەكان كە لە 70 رۆژی یەكەمی بۆ تەرخان كراوە، تەواو دەبن و ئەو رێگایانەی دەرەوەی شارەكان بە تەواوی نۆژەن دەكرێنەوە. سەبارەت بە تونێلی مەسیف – شەقڵاوەش كە پێشتر بە هۆی قەیرانی داراییەوە كاری تێدا راوەستابو، بۆ ئەمەشیان سەرۆكی حكومەت رەزامەندی دا بۆ تەرخانكردنی پارەی پێویست بۆ دەستبەكاركردنەوە لە تونێلەكە بۆ ئەوەی لە نزیكترین كات هەمو كارەكانی ئەو تونێلە تەواو بكرێت تاوەكو بتوانین لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتو بیخەینە خزمەتی هاوڵاتیانەوە.

 

*دیارە لەماوەی یەك دو مانگی یەكەمی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان، داوا لە هەمو وەزارەتەكان كرابو كە بەرنامەیەك بۆ چوار ساڵی داهاتو ئامادە بكەن، بە حوكمی ئەوەی كارەكانی ئەم وەزارەتە راستەوخۆ پەیوەندی بە هاوڵاتیانی كوردستانەوە هەیە، ئایا دەكرێت رەهەندە گشتییەكانی ئەم بەرنامەیە بۆ هاوڵاتیان باس بكەیت؟
بەرنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە لە پەرلەمان خوێندرایەوە، بە شێوەیەكی زۆر تایبەت ئەم بەرنامەیە بەو شێوەیە داڕێژدراوە كە چاكسازییەكان بچنە بواری جێبەجێكردن و ئەو بوارانەش كە پێویستە چاكسازی تێدا بكرێت، بە راشكاوی دیاری كراون، هەر لەم چوارچێوەیەشدا هێڵە گشتییەكانی بەرنامەكە گرنگێگی زۆری بەو پرسە داوە كە ئێمە هەمومان وەك یەك تیم پێكەوە كار بكەین، بۆ ئەوەی ئەو هێڵە گشتییانەی بەڕێز سەرۆكی حكومەت لە بەردەمی پەرلەمانی كوردستان خوێندیەوە تا تەواوبونی ماوەی كابینەكە، بەشێكی هەرە زۆری ئەو كارنامەیە جێبەجێ بكرێت، ئێمەش وەك وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە هەر لەسەر بنەمای ئەو هێڵە گشتییانەی بەرنامەی نوێ بەرنامەی خۆمان بۆ چوار ساڵی داهاتو داڕشتوە و پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانمان كردوە و ئێستا چاوەڕێی ئەوەین لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند بكرێت، بەرنامەكەشمان بۆ چوار ساڵی داهاتو جەختی كردوەتە سەر:1. سەرجەم رێگا دو سایدەكانی نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان تەواو بكرێن.2. سەبارەت بەبواری نیشتەجێكردن، بەرنامەمان داناوە كە لەماوەی چوار ساڵی داهاتو هەمو ئەو پڕۆژانەی نیشتەجیكردن كە لەساڵانی رابردو كە دەستیان پێ كراوە، بەڵام بە هۆی قەیرانی دارایی وەستاون، بیانخەینەوە كار و جێبەجێ بكرێن كە ئەمانەش نزیكەی 9 هەزار یەكی نیشتەجێبونە.3. هەر لەبواری نیشتەجێكردن، سەرەڕای ئەو 9 هەزار یەكەی نیشتەجێبونە لە پلانمان هەیە بۆ دروستكردنی 3 هەزار یەكەی دیكەی نیشتەجێبون، ئەمەش واتە تا كۆتایی كابینەی نۆیەم 12 هەزار یەكەی نیشتەجێبون ئامادەبێت و پێشكەش بە خەڵكی كەمدەرامەت بكرێت لە هەرێمی كوردستانە .4. خالێكی دیكە كارنامەی وەزارەت بریتییە لە ئاوەدانكردنەوەی گوندەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەمەش بەرنامەمان داناوە لەگەڵ باشبونی دۆخی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەند گوندێكی هاوچەرخ لەسەر ئاستی پارێزگاكانی كوردستان دروست بكەین، ئەمەش واتە هەر چەند گوندێكی نزیك لەیەك، شوێنێكیان بۆ دیاری بكرێت و گوندەكی هاوچەرخی تیا دروست بكرێت كە سەرجەم خزمەتگوزراییەكانی لە قوتابخانە و بنكەی تەندروستی و باخچەی ساویان و پێداویستییە خزمەتگوزارییەكانی دیكەی تێدا بێت، ئەمە سەرەڕای مانەوەی خانوەكانیان لە گوندەكانی پێشوی خۆیان كە لە كاتی كشتوكاڵكردن بتوانن سودی لێ وەربگرن.

 

*ئایا جیاوازیی نێوان ئەو یەكە نیشتەجێینانە چین كە كەرتی تایبەت دروستیان دەكات و ئەوەی ئێوە وەك وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە دروستیان دەكەن؟
ئەو یەكەی نیشتەجێیانەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە دروستی دەكات بۆ هاوڵاتیانی كەمدەرامەتە و بەپێی یاسایەكی تایبەت دروست دەكرین كە بۆ چارەسەری ئەو پرسە دەرچوە، بەڵام هاوكات لە ماوەی چەندین ساڵی رابردو بە هەزاران یەكەی نیشتەجێبونیش لە رێگەی دەستەی وەربەرهێنانەوە دروست كراون، بەڵام ئەو یەكانە نرخەكانیان زۆر لەو یەكەی نیشتەجێیانە گرانترە كە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە دروستیان دەكات. بۆیە ئێمە وەك وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن لە داڕشتنی ئەوەین كە داوا لە ئەنجومەنی وەزیران بكەین، یاسای وەزارەتی ئاوەدانكردنە و نیشتەجێكردن هەموار بكرێتەوە، بە شێوەیەك كە لەمەودوا كۆنتڕۆڵی نیشتەجێكردن لەلای وەزارەتی ئاوەدانكردنەو نیشتەجێكردن بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت هەم كۆنتڕۆڵی چۆنیەتی و چەندایەتی یەكەكانی نیشتەجێكردن بكات، هەم بەپێی سیاسەتێكی دروست ئەو یەكانەی نیشتەجێبون دروست بكرێت، كە دواجاریش سودی ناپێویست بۆ هەندی كەس نەڕوات و بەرژەوەندیی گشتی تێدا زەرەرمەند بێت، ئەمەش پەیوەندی بە هەمواركردنەوەی یاسای وەزارەت هەیە، بەمەش ئێمە هاوكارێكی باش دەبین بۆ ئەوەی سیاسەتێكی دروست دابنین بۆ كەمكردنەوەی قەیرانی كرێنشینان.

 

*پێشتر ئەم وەزارەتە دو وەزارەت بو بە ناوەكانی (ئاوەدانكردنەوە و ئیشغال و نیشتەجێكردن) بەڵام لە كابینەی پێنجەم بوە یەك وەزارەت، ئەو كاتەی كە دو وەزارەت بو، پڕۆژەكان راستەوخۆ لەلایەن كارمەندان و ئەندازیارانی هەردو وەزارەتەكە جێبەجێ دەكران، بەڵام لە دوای تێكەڵبونەوەیان، جێبەجێكردنی راستەوخۆ كەم بوەوە و درانە دەستی كەرتی تایبەت، ئایا لە بەرنامەی چوار ساڵی داهاتوتان هەیە، جێبەجێكردنی راستەوخۆ فراوان بكەنەوە؟
لە ساڵانی رابردو سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوجۆرە بوە كە كەرتی تایبەت هاوكاریی كەرتی گشتی بكات و بە رێگەی بەڵێندەرەكان پڕۆژەكان جێبەجێ بكرێن، بەڵام وێڕای ئەمەش ئێستاش هەندی پڕۆژەمان هەیە كە بە شێوەی راستەوخۆ جێبەجێ دەكرێن، ئەمەش بەو مانایەی هەر پڕۆژەیەك بودجەكەی تا یەك ملیار دینار بێت، بە شێوەی راستەوخۆ جێبەجێیان دەكەین، لەمەشدا وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە ئەزمونی باشی هەیە، بەڵام پڕۆژە گەورەكان هەموی لە رێگەی بەڵێندەرانی كەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەكرین، هەروەها پلانێكیشمان هەیە ئەگەر بتوانین لە ساڵانی داهاتو كۆمپانیای هاوبەشی نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت دروست بكەین، بۆ ئەوەی لە رێگای ئەو كۆمپانییانەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی زیاتر بەشداربێت لە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانەی كە گرنگ و ستراتیژین لە هەرێمی كوردستان، بەڵام بۆ جێبەجێكردنی ئەم پلانە، ئاشكرایە هەندێك یاسا هەیە كە پێویستی بە هەمواركردن هەیە، بۆ ئەوەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن دەسەڵاتی هەبێت تاوەكو بتوانین لەسەر ئەو سیستەمە كار بكەین.

 

*بەشی زۆری پڕۆژە ستراتیژییەكان دەكەونە چوارچێوەی كاری ئەم وەزارەتە، ئایا ئەو پڕۆژە ستراتیژییانەی كاریان تێدا وەستاوە، دەكەونەوە جێبەجێكردن؟ هەروەها پرۆژە ستراتیژیەكانتان بۆ چوار ساڵی داهاتو لە هەرێمی كوردستان چین؟
پڕۆژە ستراتیژییەكان سەبارەت بە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بریتییە لە تەواوكردنی هەمو رێگا دو سایدەكانی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەو رێگایانە شارە گرنگەكانی هەرێمی كوردستان بە یەكەوە دەبەستێتەوە و هەرێمی كوردستانیش لە رێگای دەروازە نێودەوڵەتییەكانەوە بە دەرەوە دەبەستێتەوە. لەكابینە نۆیەمدا ئەنجومەنی وەزیران لێژنەیەكی دروست كردوە بۆ ئەوەی پێداچونەوە بەو پڕۆژانەدا بكرێت كە پێویستە بخرێنەوەگەڕ، لەم چوارچێوەیەدا ژمارەیەكی باش لە پڕۆژە ستراتیژییەكان بودجەیان بۆ تەرخان كراوەتەوە كە لە ئەم ساڵ و ساڵی داهاتودا كاریان تێدا دەكرێت و بەپێی بەرنامەی خۆی تەواو دەبێت، لەم چوارچێوەیەدا ئێمە لە سیاسەتی ستراتیژیماندا پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەكانمان بریتییە لە تەواوكردنی رێگا دو سایدەكانی هەرێمی كوردستان.

 

*رێگای هەولێر – كۆیە كە شادەماری هاتوچۆی نێوان هەولێر و سلێمانییە ئایا ئەو پڕۆژەیە بە كوێ گەیشتوە؟
لەم رێگایەدا بە دو ئاراستە كاردەكەین كە ئاراستەیەكیان نۆژەنكردنەوەی رێگا كۆنەكەیە لە نێوان هەولێر – كۆیە و كۆیە – دوكان، خۆشبەختانە قۆناغی یەكەمی هەولێر – كۆیە تەواو بوە، ئێستاش كار لە رێگای نێوان كۆیە – دوكان دەكەین ئەم قۆناغەش لە 15/12/2019 تەواو دەبێت. ئەمەش واتە رێگە كۆنەكەی نێوان هەولێر- سلێمانی كە بە كۆیەدا تێدەپەڕێت، بە تەواوەتی نۆژەن كراوەتەوە، بێجگە لە چەند كیلۆمەترێكی نێوان كەسنەزان هەتا چوارڕێیانی گۆمەسپان، بۆ ئەمەش داوامان كردوە ئەنجومەنی وەزیران بودجەی بۆ تەرخان بكات، بەمە رێگە كۆنەكەی هەولێر – كۆیە – سلێمانی نۆژەنكردنەوەكەی تەواو دەبێت، بەڵام پڕۆژەیەكی دیكەشمان هەیە كە ئاراستەی دوەمی رێگەی هەولێر – كۆیە – سلێمانییە، ئەو پڕۆژەیە بریتییە لە بە دو ساید كردنی رێگای نێوان هەولێر – كۆیە و دروستكردنی تونێلی هەیبەت سولتان كە ئەم ئاراستەی پرۆژەیەش لە پێنج قۆناغ پێكدێت، ساڵانی پێشتر كاری تێدا كراوە، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن تێیدا راوەستاوە و ئێستا لە سێ قۆناغی ئەو پڕۆژەیەوە دەستمان بە كاركردن كردۆتەوە و بە ئومێدین لە ساڵی داهاتو بودجەی بۆ دابین بكرێت، تاوەكو بە شێوەیەكی خێرا دەست بكەینەوە بە كارەكە، كە دواجار ئەم پڕۆژەیە دو سایدی هەولێر – كۆیە دەبەستێتەوە بە دوسایدی نێوان سلێمانی – رانیە.

 

*رێگای دو سایدی هەولێر – كۆپال و كۆپال – رۆڤیا بڕیار بو كاری تێدا بكرێت، ئێستا لە چ قۆناغیكدایە و ئایا كاركردن تێیدا بەردەوامە؟
ئەو پڕۆژەیە قۆناغێكی باشی بڕیوە و كاركردن تێیدا بەردەوامە، بەشی یەكەمی پڕۆژەكە كە دەكاتە نێوان گۆپال – روڤیا تەواو بوە، كە كۆمپانیای گروپی كاڤین جێبەجێی دەكات، نێوان هەولێر – كۆپالیش كاركردن تێیدا بەردەوامە و كۆمپانیای هێمن گروپ ئەو كارە دەكات و لە هەوڵی بەردەوامدان لە كاتی دیاریكراوی خۆی تەواو بێت، تەنانەت حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی بۆ تەواوكردنی ئەو پردەش تەرخان كردوە كە هەر دو بەری رێگا دو سایدەكە بە یەكەوە دەبەستێتەوە.

 

*بەرنامەیەك هەبو بۆ دروستكردنی رێگەی شەمەندەفەڕ و بەستنەوەی كوردستان بە یەكەوە بەهۆی رێگای ئاسنەوە، ئایا ئەم پڕۆژەیە هەر قسەیە، یان هەوڵی بۆ دراوە؟
لە بەرنامەی چوار ساڵی داهاتوی وەزەراتدا پڕۆژەی دروستكردنی هێڵی شەمەندەفەڕمان دیاری كردوە، ئومێد دەكەین لەماوەی چوار ساڵی داهاتوی كابینەی نۆیەمدا دەست بەو پڕۆژەیە بكەین، هەتا ئێستا ماستەرپلانەكەی لەسەر نەخشەی هەرێمی كوردستان تەواو بوە و دیاریكراوە بە چ ئاراستەیەكە دەڕوات، بۆ ئەمەش دامانناوە بە سێ قۆناغ پڕۆژەكە تەواو بكەین، لە قۆناغی یەكەمدا لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی راوێژكاری قسە دەكەین بۆ ئەوەی بە وردی دیراسەتی پڕۆژەكە بكەین و جەدوەی ئابوریی پڕۆژەكە بزانین، هەروەها رێگە نیشاندەرمان بن بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین و ئاسانترین رێگە جیبەجێی بكەین و هەڵەی تێدا نەكەین، دوای ئەمە دەست بە قۆناخی دوەم دەكەین كە بریتییە لەوەی لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی گەورە قسە بكەین سەبارەت بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، بۆ ئەمەش دامانناوە ئەم پرۆژەیە بە هاوبەشی حكومەت و ئەو كۆمپانیا گەورانە بكرێت، پڕۆژەكەش بودجەیەكی زۆری پێویستە و لە ئێستادا لە توانای حكومەتی هەرێمی كوردستاندا نییە، بۆیە بیرمان لەوە كردەوە بە هاوبەشیی حكومەت و كۆمپانیا گەورەكان جێبەجێ بكرێت. ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بكەم، ئەوەیە ئەو هێڵی شەمەندەفەڕە تەنیا بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیان نییە، بەڵكو بۆ گواستنەوەی كەلوپەل و كاڵای بازرگانی و كشتوكاڵی و پیشەسازی و گەشتیاری و بەروبومی سوتەمەنی بەكاردێت و دەتوانێت هەرێمی كوردستان بە ئاسانی بە وڵاتانی دراوسێ ببەستێتەوە و پڕۆژەیەكی قازانج بەخشە و هەر كۆمپانیایەك ئەنجامی بدات، لە داهاتودا سودی زۆری لێ دەبینێت. دەمانەوێت پلانەكەمان بە شێوەیەك دابڕێژین بە سەركەوتویی كۆتایی پێ بێت و هاوڵاتیانی كوردستان دڵنیا دەكەمەوە ئەو پڕۆژەیە دەچێتە بواری جێبەجێكردن و لە خەونەوە دەبێت بە راستی.