وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پرۆژەکانی سنوری گەرمیانی بەسەرکردەوە

 

وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پرۆژەکانی سنوری گەرمیانی بەسەرکردەوە

 

– داوای زو تەواوکردنی رێگای وارماوا-دەربەندیخان و کەلار-دەربەندیخانی کرد

 

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پڕۆژەکانی سنوری گەرمیانی بەسەرکردەوەو جەخت لە ھەرچی زو تەواوکردنی نۆژەنکردنەوەو تەواوکردنی رێگای وارماوا دەربەندیخان و سلێمانی کەلار دەکاتەوە.

 

ئەندازیار دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح، وەزیری ئاوەدانکردنەوە  و نیشتەجێ کردن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە میانی بەسەرکردنەوەی پرۆژەکانی سنوری سلێمانی تا گەرمیان رایگەیاند، نۆژەنکردنەوەی رێگای وارماوا دەربەندیخان پرۆژەیەکی گرنگە بەلای حکومەتی ھەرێمەوەو کارکردن تیایدا بەردەوامەو بەشێکی باشی تەواو کراوە، تەئکیدمان لەسەر ھەرچی زوی تەواوکردنی پرۆژەکە کردەوە.

 

سەبارەت بە رێگای دەربەندیخان-کەلار ، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن وتی:«پڕۆژەی رێگای دەربەندیخان کەلار پرۆژەیەکی گرنگە کە دوسایدیکردنی رێگایەکەیەو ئیشی باشی تێداکراوە، ھیوادارین ھەمو ئەو کارانەی پێویستە لە روی ھونەرییەوە وەک خۆی جێبەجێ بکرێ، بەڵێندەریشمان ئاگادار کردوەتەوە بۆ ئەوەی زو پرۆژەکە تەواو بکرێت و وەک وەزارەتیش چی پێویست بێت بۆ چارەسەری کێشەو گرفتەکانیان بۆیان چارەسەر دەکەین.

 

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە تەواو کردنی نۆژەنکردنەوەی رێگای نێوان شارەکان لە وادەی خۆیدا، ئەندازیار دانا عەبدولکەریم وتی: «نۆژەنکردنەوەی رێگای نێوان شارەکان کاری باشی تێدا کراوەو بەپێی ئەو راپۆرتانەی ھەفتانە بۆمان دەگەڕێتەوە ٪‏٩٠ی نۆژەنکردنەوەی رێگاکان تەواو کراوەو لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا  کە ١٥/١٢/٢٠١٩یە نۆژەنکردنەوەی رێگاکان تەواو دەکرێن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پلانی چوار ساڵەمان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردوەو لە پلانەکەدا تیشکمان خستوەتەسەر دوسایدکردنی رێگای نێوان شارەکانی ھەرێمی کوردستان، بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی ھاوڵاتیان.