دانا عەبدولکەریم :لە خزمەتکردنی سنوری گەرمیان درێغی ناکەین

بودجەی پێویست ھەبێت خزمەتی زیاتری سنوری گەرمیان دەکەین

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کردو جەخت دەکاتەوە ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ خزمەتکردنی سنورەکەو دانیشتوانەکەی درێغی ناکەن.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠١٩/١١/٢٤ ئەندازیار دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێ کردن لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بەیاوەری بریکار و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی بۆ بەسەرکردنەوەی پڕۆژەکانی سنوری گەرمیان، سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کردو لەلایەن سەڵاح کوێخا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی سنورەکەوە پێشوازییان لێکرا.

 

سەرەتا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان وێڕای بەخێرھاتن، سوپاس و دەستخۆشی لە وەزیری ئاوەدانکردنەوە کرد کە بۆ دوەمجارە لەم ماوەیەدا سەردانی سنورەکە دەکات بۆ بەسەرکردنەوەی پرۆژەکان و ئاماژەی بەوەکرد، سەرەڕای کاریگەریی قەیرانی دارایی کار و پڕۆژەی باش لەبواری ئاوەدانکردنەوە لە سنورەکە ئەنجامدراوە.

 

ھاوکات ئاماژەی بە پڕۆژەی رێگای کەلار دەربەندیخان کرد کە پرۆژەیەکی گرنگی سنورەکەیەو دەستخۆشی لە حکومەت و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کرد کە درێغیان نەکردوە لە ئەنجامدانی پڕۆژەکانیان لە سنوری گەرمیان.

 

لای خۆشیەوە ئەندازیار دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح، وێڕای سوپاسکردنی ئەو پێشوازییە، ئاماژەی بە ئامانجی سەردانەکەیان کرد بۆ سنورەکە، کە جەخت کردنەوەیە بۆ ئەو گرنگیدانەی بۆ سنورەکە ھەیانە لە جێبەجێکردنی پرۆژەکانیان و رایگەیاند، ئەگەر سەقامگیری و بودجەی پێویست ھەبێت، خزمەتی زیاتری سنوری گەرمیان دەکەین.

 

ھەروەک جەختی لەسەر ھەوڵەکانیان کردەوە بۆ ئەنجامدانی پرۆژەکانیان لە سنورەکە بە پاڵپشتی حکومەت بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتیان، ھاوکات سوپاسی ھەماھەنگی و پاڵپشتی ئیدارەی گەرمیانی کرد کە بۆ پرۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە سنوری گەرمیان ھەیانە