وەزیری ئاوەدانکردنەوە بەدواداچون بۆ چاککردنەوەی رێگای گوندی ئەسحابەلەک دەکات

بەڵێنیدا بە چارەسەرکردنی رێگاوبانی گوندی ئەسحابەلەک

 

رۆژی یەکشەممە 1-12-2019، ئەندازیار دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێ کردن لە چوارچێوەی بەدواداچون و بەسەرکردنەوەی مەیدانی پڕۆژەکانی وەزارەت، پڕۆژەی چاککرکردنەوەو قیرتاوکردنی رێگای گوندی ئەسحابەلەکی لە سنوری ناحیەی شەمامکی سەر بە ھەولێر بەسەرکردەوە.

 

وەزیری ئاوەدانکردنەوە لەسەردانەکەیدا، گوێی لە سەرنج و داواکاری دانیشتوانی گوندەکە گرت و بەڵێنیدا بە چارەسەرکردنی کێشەو گرفتی رێگاوبانی گوندەکەیان. لەبەرامبەردا دانیشتوانی گوندەکە خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە سەردانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و خەمخۆریی بەڕێزیان بۆ چارەسەری کێشەو گرفتەکانیان.

 

ھاوکات لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئەندازیار دانا عەبدولکەریم رایگەیاند؛ لەسەر داوای خەڵکی گوندەکە سەردانی ناوچەکەمان کردوە بۆ بەسەرکردنەوەی پڕۆژەی رێگای گوندی ئەسحابەلەک و بەدواداچون و لەنزیکەوە ئاگاداربون لە چۆنێتی ئەنجامدانی پڕۆژەکە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت بەپێی توانا بودجەی بۆ چارەسەری کێشەو گرفتەکانی رێگاوبانەکان تەرخانکردوەو ئێمەش بەپێی بودجەی پێویست بەردەوام دەبین لە چاککردن و نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکان بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی ھاوڵاتیان.