وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن سەرکەوتنی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی رێگای نێوان شارەکانی راگەیاند

دانا عەبدولکەریم: سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە، سەرکەوتنی خزمەتکردنی خەڵکە

– لەنزیکترین کاتدا دەستدەکرێت بە نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکانی هەڵەبجە

 

ئەندازیار دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێ کردن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەرکەوتنی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی رێگای نێوان شارەکانی راگەیاندو ئاماژەی بەوەکرد؛ ئەمڕۆ دەمانەوێت مژدەیەکی خۆش بە هاوڵاتیانی کوردستان بگەیەنین، ئەو پرۆسەیەی لە کۆتایی مانگی ئەیلولی رابردو بانگەشەمان بۆ کرد بۆ چاککردنەوەی رێگای نێوان شارەکان بە خۆشحاڵییەوە بەهیممەتی ئەم ستافە بەڕێزە هەر لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەتان پێ رادەگەیەنین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیاندا تەواوکراون، کە سەرجەمیان لە چوارچێوەی هەمو هەرێمی کوردستاندا (89) پڕۆژەیەو لەو ژمارەیەش، (79) پڕۆژەیان تەواو بوەو (10) پرۆژەشیان تایبەتە بە پارێزگای هەڵەبجە، کە رەزامەندی لەسەر پڕۆژەکانی ئەو پارێزگایە دواکەوتبو، بە خۆشحاڵییەوە سەرۆکی حکومەت رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بە پڕۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە دەربڕیوەو لە نزیکترین کاتدا دەستدەکرێت بە نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکانی ئەو پارێزگایە.

 

وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێ کردن رایگەیاند؛ ئەم پرۆسەیە دوای پشتگیری بەڕێز سەرۆکی حکومەت و دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەئەنجامی گەیاند، کە سەرجەمیان بڕی تێچونەکەی نزیکەی (43) ملیار دینارەو بەوەی پارێزگای هەڵەبجەوە دەگاتە نزیکەی (45)ملیار دینار، کە لە ماوەی ئەم چەند مانگەدا بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگای نێوان شارەکان خەرجکراوە.

 

وتی: “سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە سەرکەوتنی خزمەتکردنی هاوڵاتیان و خەڵکی هەرێمی کوردستانە، سەرکەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان، کاتێک هاوڵاتیان بەسەر رێگاوبانەکاندا هاتوچۆ دەکەن گۆڕانکارییەکی پێویست دەبینن لە رێگاوبانەکان و دەتوانن سودی لێ ببینن لە هاتوچۆکردنی رۆژانەیان و رەنگدانەوەیەکی باشی هەبوە، پڕۆژەکانیش سەرجەمیان تەواو بون هەندێکیان نەبێت کە دروستکردنی پردە، ئەوەش بەهۆی گۆڕانکاری لە دیزاین و فراوانکردنییەوە.

 

وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێ کردن هیوای خواست لە ساڵی داهاتودا بەشێکی تری رێگاکانی هەرێمی کوردستان ئەوانەی کە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، نۆژەنیان بکەینەوەو ئەوانەی دیکەش لە ساڵەکانی دواتردا، بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەم کابینەیەدا سەرجەم رێگای نێوان شارەکان نۆژەنکرابێتەوە بەشێوەیەکی تەندروست.

 

هاوکات سوپاسی سەرۆکی حکومەت و ستافی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی ناوخۆ و بریکارانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و یەکە ئیدارییەکان و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و ئەو دامودەزگا حکومیانەی کرد، کە لەکاتی ئەنجامدانی پڕۆژەکاندا هاوکاریان بون، هەروەها سوپاسی بەڵێندەرەکانیشی کرد کە توانیان لەو ماوەیەی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان دیاریکرابو، پڕۆژەکان تەواو بکەن.

 

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسانیشدا، ئەندازیار دانا عەبدولکەریم رایگەیاند؛ بودجەی پێویست بۆ تونێلی پیرمام تەرخانکراوەو هەوڵدەدەن لە ساڵی نوێدا پڕۆژەکە تەواو بکرێت و بەڕوی هاوڵاتیاندا بکرێتەوە، سەبارەت بە یەکەی نیشتەجێبونیش بۆ کەمدەرامەتان بڕیاردراوە بودجەیان بۆ تەرخان بکرێت و ژمارەیەکیان لە هەولێر و سلێمانی دەست بەکارکردن بکرێنەوە.

 

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا لەبارەی شەقامی سەد مەتری سلێمانی، جەختی کردەوە، ئەو پڕۆژەیە لە چوارچێوەی کارەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردایە.