راپۆرتی ھەڵسەنگاندنی کابینەی نۆیەم: پرۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ھەست پێکراو و کاریگەر بون

ئەمڕۆ سێشەممە رێکخراوی ستۆپ بۆ چاودێری، ڕاپۆرتی چاودێری و هەڵسەنگاندنی هەنگاوەکانی چاکسازی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە، کە تیایدا ھەڵسەنگاندنی بۆ شەش مانگی کابینەی نۆیەم کردوەو لە پوختەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بە خزمەتگوزاری و ھەنگاوەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کراوە بەتایبەت لە بواری رێگاوبان و تیایدا ھاتوە«لە روی خزمەتگوزارییەوە لەو ماوەیەدا ھەندێ بواری سەرەکی وەک رێگاوبان و ھەندێ خزمەتگوزاری تر گۆڕانکاری ھەستی پێدەکرێت».

ھاوکات ئاماژە بەناوی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن کراوە کە لە کۆی ١١ وەزارەت و دەستە، یەکێک بوە لەو وەزارەتانەی ئاستی چاکسازی بڵاوکردۆتەوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە؛ کەمکردنەوەی رۆتین و بڵاوکردنەوەی کارو چالاکییەکان و ئامادەکاری پلانی وەزارەت و روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و چەندین بواری دیکە.

ھەر لە راپۆرتەکەدا ھاتوە، بەپێی راپۆرتی دەستەی دەستپاکی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن فۆرمی ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی پڕکردوەتەوەو سەروەت و سامانی بۆ دەستەکە ئاشکراکردوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، هەڵمەتی چاککردنەوەی رێگاوبانی دەستپێکردوە لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان بە گوژمەی زیاتر لە (٤٥) ملیار دینار بۆ (٨٩) پڕۆژە بۆ ئەو رێگایانەی کە بە هۆی باران بارینی زۆر و لافاو و کۆنی رێگاکان توشی تێک چون و داڕمان ببون. ھەروەھا بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەی وەستاو و دابینکردنی بودجە بۆ ژمارەیەک پڕۆژە، لەوانەش یەکەی نیشتەجێبون و ئامادەکردنی دەرخستە بۆ پڕۆژەی نوێ.

بەپێی ھەڵسەنگاندنی رێکخراوەکە، پرۆژە خزمەتگوزاریەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کە لەو ماوەیە جێبەجێکراون، هەست پێکراو بوە و کاریگەری لەسەر رێکخستنەوەی بەشێکی بواری رێگا و بان هەبوە، کە ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیان کردووە. بەڵام بە جێبەجێکردنی پرۆژە بە دوو سایدکردنی سەرجەم رێگا سەرەکیەکان، هۆکارێک دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی رێگا و بان لە هەرێم و کەمبونەوەی قوربانیانی رووداوەکانی هاتوچۆ.