پرۆژەی رێگای دوسایدی رۆڤیا گۆپاڵ کرایەوە

سەرۆکی حکومەت: خزمەتکردنی ھاوڵاتیان ھەمو کەرتەکان دەگرێتەوە
وەزیری ئاوەدانکردنەوە: کاروانی ئاوەدانی و خزمەتکردنی هاونیشتیمانیان بەردەوام دەبێت

ئەمڕۆ سێشەممە، لە رێورەسمێکدا بەئامادەبونی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پرۆژەی رێگای دوسایدی رۆڤیا گۆپاڵ کرایەوە.

لەمیانی رێورەسمەکەدا، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە وتارێکدا رایگەیاند، بەردی بناغەی ئەم پرۆژەیە لە کابینەی پێشوو دانراوە بەڵام تەواونەکرا، لەم کابینەیەی حکومەت بڕیارماندا لەبەر گرنگی بۆ ھاوڵاتیان پشتیوانی تەواوی پرۆژەکە بکەین و خۆشبەختانە ئەمڕۆ بەر لەوادەی خۆی تەواوکرا.

ھاوکات سوپاسی کۆمپانیای جێبەجێکاری کردو ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژه‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستێكی زۆر باشی جیهانی درووستكراوه‌، ئەوەی لە هه‌موو شتێك زیاتر من دڵخۆش ده‌كات، چه‌ندین پڕۆژه‌ له‌ كوردستان جێبه‌جێده‌كرێن، هه‌موویان كۆمپانای كوردستانین، له‌ دهۆك و هه‌ولێر و راپه‌ڕین و سلێمانی.

ھەروەک جەختی کردەوە؛ حكومه‌ت هه‌رچییه‌كی پێ بكرێت بۆ دابینكردنی مووچه‌ی هاووڵاتییان، كه‌مته‌رخه‌می ناكات و نه‌یكردووه‌، نابێت ئه‌وه‌ش له‌بیربكه‌ین هاووڵاتییانی ئێمه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن، حكومه‌ت پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزارییان بۆ جێبه‌جێ بكات، خزمه‌تكردن به‌س دابه‌شكردنی مووچه‌ نییه‌، خه‌ڵك داوای ئاو، كاره‌با، نه‌خۆشخانه‌ و قوتابخانه‌ ده‌كات، خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان هه‌موو كه‌رته‌كان ده‌گرێته‌وه‌. جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆژانه‌ش دیسان بۆ خزمه‌تی هه‌موو هاووڵاتییانه‌.

لای خۆشیەوە، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەوتارێکدا رایگەیاند؛ بەخۆشحاڵییەوە جارێکی تر و لە بۆنەیەکی تردا، لە بەئەنجام گەیاندنی پڕۆژەیەکی دیکەی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەماندا کۆدەبینەوە، کە ئەویش تەواوکردنی پڕۆژەی دروستکردنی رێگای دوسایدی رۆڤیا گۆپاڵە کە بەشێکە لە رێگای نێوان هەردو شاری خۆشەویستی هەولێری دێرین و دهۆکی دەلال.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی زنجیرە پڕۆژەو خزمەتەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنە لەتەواوی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، کە سەرەڕای قەیرانی دارایی و سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا، بەڵام کاروانی ئاوەدانی و بوژاندنەوەی وڵات و خزمەتکردنی هاونیشتیمانیان بەردەوامە.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە سوپاسی کۆمپانیای جێبەجێکاری کرد بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە بەر لە وادەی دیاریکراوی خۆی و وتی:«ئەم پڕۆژەیە، یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، کە هەردو پارێزگای هەولێر و دهۆک پێکەوە دەبەستێتەوەو بەبڕی (٨٤)ملیۆن دۆلار لەلایەن کۆمپانیای کاڤین جێبەجێکراوە، کە لەبەر گرنگی پڕۆژەکە و بەمەبەستی خزمەتکردنی هاوڵاتیان پێنج مانگ بەر لە وادەی خۆی تەواو کراوە.جێی خۆیەتی سوپاسی شایستە ئاراستەی کۆمپانیای جێبەجێکار بکەین.

ھاوکات تیشکی خستەر بایەخ و گرنگی پرۆژەکەو ئاماژەیبەوەکرد، پڕۆژەکە کۆمەڵێک بایەخ و گرنگی هەیەو کارئاسانییەکی باش دەبێت بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان لەنێوان هەردو پارێزگای هەولێر و دهۆک و ھەرێمی کوردستان و کاتێکی باش لەماوەی گەشتکردن لەنێوان هەردو پارێزگاکە کەمدەکاتەوە. جگەلەوەش گرنگیی و رۆڵی گەورەی دەبێت لەکەمکردنەوەی روداوەکانی هاتوچۆ، بەتایبەت کە ئەو رێگایە یەکێک بو لەو رێگایانەی لای هاوڵاتیان بە رێگای مەرگ ناودەبرا. ئەمە جگە لە سودەکانی لەبوارەکانی کشتوکاڵ و کارئاسانی بۆ گواستنەوەی بەروبوم و سودەکانی لەبوارەکانی ئابوری و گەشتیاری و بازرگانی.

رێگای رۆڤیا گۆپاڵ درێژییەکەی ٢٢کیلۆمەترەو ٦ ئۆڤەرپاس و یەک پردی لەسەر دروستکراوە، رێگاکە دوو سایدەو هەر سايديێک ١١.٧٥م پانەو لە سێ لەین پێکھاتوە. جەزرەی ناوەندی بة پانی ٣ مەتر. هاوکات دو پڕۆژەی دیکەش بەشێکن لە تەواوکەری ئەم پڕۆژەیە ئەوانیش، پڕۆژەی ( هەولێر – گۆپاڵ )ە كە بە درێژی 38 كم دەبێت بە گوژمەی ( ١٥٧،٩٧٣،٢١٦ )دۆلار جێ بە جێ دەكرێت كە رێگایەكی دو سایدەو هەر سایدی ( ٢ ) لەینە كە رێژەی ئەنجامدانی گەیشتۆتە ( ٧٣%).

لە نێوان ئەو دو رێگایە پردێك دروست دەكرێت كە ئەویش پرۆژەیەكە بە ناوی پرۆژەی ( دروست كردنی پردی كۆنكریتی لەسەر زێی گەورە نزیك گوندی گۆپاڵ) كە درێژی پردەكە( ٩٢٨) مەترە بە گوژمەی گشتی ( ٣٥،٨٣٣،٣٣٣) دۆلار، ئەم پرۆژەیە وەستابو بەڵام لەدەستبەكاربونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەست بەکارکراوەتەوەو رێژەی بەرەو پێشچوونی گەیشتۆتە ( ٨٧،٦ % ). بەشێوەیەکی گشتی درێژی گشتی هەر سێ‌ پرۆژەكە / ٦١ كم و بەگوژمەی ھەرسێ پڕۆژەکەش دەگاتە ٢٧٧ ملیۆن دۆلار.