بەسەركردنەوەی پرۆژەكانی سنووری ئیدارەی گەرمیان

وەزیری ئاوەدانکردنەوە:
-درێغی ناکەین لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەرشانمان بەرامبەر ھاوڵاتیان

-کارکردن لە دوسایدی دەربەندیخان-کەلار دەستی پێکردوەتەوە

-حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە پشتیوان دەبن بۆ تەواوکردنی رێگای دوسایدی کەلار-کفری و ھەمو ھەوڵێکیش بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانیان دەدەین

ئەمڕۆ یەکشەممە، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەشێوەیەکی مەیدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتی لە سنوری گەرمیان بەسەرکردەوەو ھەردو رێگای دوسایدی کەلار سلێمانی و کەلار کفری بەسەرکردەوە.

ھەر لەسەردانەکەیدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کردو لەلایەن جەلال نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیداری سنورەکەوە پێشوازی لێکرا.

دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رایگەیاند؛ ئامانجی سەردانەکەمان بۆ گەرمیان بەدواداچونە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیە، بەتایبەت کە لەم سنورە ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژیمان ھەیە، لەوانەش رێگای دوسایدی دەربەندیخان-کەلار، کەلار-کفریە.

ئاماژەی بەوەشکرد؛ لەئێستادا کارکردن لە پڕۆژەی دوسایدی دەربەندیخان-کەلار بەشێوەیەکی باش دەستی پێکردوەتەوە، لەھەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە لەساڵ و نیوێک تا دو ساڵی دیکەو کردنەوەی بەڕوی ھاوڵاتیاندا، تاوەکو کارئاسانی و رێگایەکی سەلامەت بێت بۆ ھاتوچۆی ھاوڵاتیان. سوپاسی ئیدارەی گەرمیانیشی کرد بۆ ھەماھەنگی و پاڵپشتیان لە جێبەجێکردنی پرۆژەکانی وەزارەتمان لە سنورەکە.

لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسانیشدا، دانا عەبدولکەریم وتی:«ھەوڵدەدەین شایستەی دارایی بۆ پڕۆژەکان تەرخان بکەین، بۆ ئەوەی بەبێ راوەستان و کەموکورتی پرۆژەکان تەواوبکرێن، لەوانەش دابینکردنی شایستەی دارایی بۆ پڕۆژەی رێگای کەلار-کفری».

سەبارەت بەو ٢٠ملیار دینارەی بۆ دوسایدی دەربەندیخان-کەلار تەرخانکراوە، وتی: ئەو بڕە پارەیە تەنھا بۆ ئەمساڵە بۆ بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەکەو لە ساڵی داھاتوەوە ھەوڵدەدەین پارەیەکی دیکەش بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخانبکەین، چونکە پلانی وەزارەتمان ئەوەیە ئەم پڕۆژەیە بەھیچ شێوەیەک نەوەستێت.

ھەروەک جەختی کردەوە، بەڵێن بە خەڵکی خۆشەویستی گەرمیان دەدەین ھەمو توانایەک دەخەینەگەڕ بۆ خزمەتکردنیان و درێغی ناکەین لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەرشانمان بەرامبەریان.

لای خۆشیەوە، جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند؛ سوپاسی بەڕێز کاک دانا دەکەین بۆ ھەوڵەکانی کە داکۆکیکاری پڕۆژەکانی گەرمیانە بەمەبەستی بەگەڕخستنەوەی بەتایبەت پڕۆژەکانی رێگاوبان.

ئاماژەی بەوەکرد، رێگاکانی ئەم سنورە ستراتیژین بۆ سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان بەتایبەت کە ھەرێمی کوردستان بە سێ پارێزگای دەرەوەی ھەرێمەوە دەبەستێتەوە، وتیشی: ئێمە دڵنیاین لە ھەوڵ و ماندوبونی بەڕێز وەزیری ئاوەدانکردنەوەو سوپاسی پشتگیری و پشتیوانییە بەردەوامەکانی دەکەین.