دەستبەکاربونی بریکاری نوێی وەزارەت

 

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم: وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە پڕە لە تواناو شارەزایی

وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن: ئەوەی ئێمەی کۆکردوەتەوە خزمەتکردنی هاوڵاتیانە

ئەمڕۆ سێشەممە، لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، حەکیم ولیا محەمەد، وەک بریکاری نوێی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەستبەکاربو.

لە رێورەسمەکەدا، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، وێڕای پیرۆزبایی لە دەستبەکاربونی بریکاری نوێی وەزارەت، رایگەیاند؛ ئەم وەزارەتە پڕە لە تواناو شارەزایی، هاوکات کاک دانا کەسێکی راستگۆ و بەتواناو لێهاتوە لەکارکردنداو ئەزمونی کاری پێکەوەییمان هەیە، ئێمەش وەک خۆم و جەنابی سەرۆکی حکومەت پشتیوانتان دەبین لەکارەکانتان لەپێناو خزمەتکردنی وڵات.

دواتر، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وێڕای بەخێرهاتنی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەفدی یاوەری، پیرۆزبایی لە بریکاری نوێی وەزارەت کردو ئاماژەی بەوەکرد، ناوبراو کەسێکی دڵسۆزو دادپەروەر و لێهاتوە و ئەزمونی کارکردنمان لەگەڵیدا هەیە، دڵنیام بەپشتیوانی بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران سود لە تواناکانی وەردەگرین بۆ خزمەتکردن و ئاوەدانی وڵات.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە، جەختی لەسەر پشتیوانیکردنی کردەوە بۆ راپەڕاندنی کارەکانی و رایگەیاند؛ ئەوەی ئێمەی کۆکردوەتەوە خزمەتکردنی هاوڵاتیانە، یەک ئامانجمان هەیە، ئەویش خزمەتکردنی وڵات و هاونیشتیمانیانە.

لای خۆشیەوە، بریکاری نوێی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، سوپاسی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کرد بۆ متمانەپێدانیان لەو ئەرکەداو ستایشی هەوڵ و کارەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی کرد، کە پێشتریش ئەزمونی کارکردنی پێکەوەییان هەبوە و هەماهەنگ بون بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەزارەت لە هەرێمی کوردستان.

جەختیشی کردەوە، کە ئەندامێکی کارای تیمەکەی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بێت لە وەزارەت، کە بەشێوەیەکی دڵسۆزانەو دادپەروەرانە کارەکان رادەپەڕێنن و بەڵێنیدا، بەوپەڕی متمانەو پیشەیی و لێهاتوییەوە کارەکانی ئەنجامبدات بۆ پێشخستن و ئاوەدانی وڵات.