پڕۆژەی دروستکردنی پردی نوێی دەربەندی رانیە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە

ماوەی چەند رۆژێکە کارکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی پردی نوێی دەربەندی رانیە-بنگرد دەستیپێکردوە، کە درێژییەکەی (420م)ەو بەدروستکردن و تەواوبونی سەرجەم ئەو کێشانە چارەرسەر دەبن کە لە پردە کۆنەکەدا ھەبون.

دروستکردنی پردی نوێی دەربەندی رانیە، لەسەر داواکاری دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بوە، کە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو ئیدارەی راپەڕین بە پارێزگای سلێمانییەوە دەبەستێتەوەو بڕی (11)ملیارو (387) ملیۆن دیناری لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ تەرخانکراوە.

رۆژی ١٣ی مانگی رابردو، لە رێورەسمێکدا بەئامادەبونی سەرۆکی حکومەت و وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەردی بناغەی پردی دەربەندی رانیە دانرا.

ئەم پڕۆژەیە، جگە لە ئاسانکاری زۆر بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان و دیمەنێکی سەرنج راکێش، هاوکات لە ڕوی گەشتیارییەوە بایەخێکی زۆری هەیەو زۆرترین گەشتیار رو لە ناوچەکە دەکەن بەمەبەستی گەشت و سەیران، لەڕوی کشتوکاڵ و دارایی و بازرگانیشەوە بایەخی گرنگی هەیەو رێگای مەرزی کێلی بە پارێزگای سلێمانی دەبەستێتەوە.