وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێ بوون ده‌ست به‌كار بوو

دوابه‌دوای‌ سوێندخواردنی‌ وه‌زیرانی‌ كابینه‌ی‌ نوێی حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 19/6/2014 ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وه‌ك وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ستبه‌كاربوو.
هه‌ر دوێنێ دوای‌ سوێندخواردنی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ سه‌ردانی‌ باڵه‌خانه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ كردو له‌لایه‌ن كامه‌ران ئه‌حمه‌د وه‌زیری پێشووه‌وه‌ پێشوازی‌ لێكراو له‌ وته‌یه‌كیدا وه‌زیری پێشووی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ به‌خێرهاتنی‌ ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سولی‌ كردو هیوای‌ خواست له‌گه‌ڵ تیمی‌ وه‌زاره‌ت به‌یه‌كه‌وه‌ بتوانن كاربكه‌ن و خزمه‌تی‌ كۆمه‌لاَنی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان بكه‌ن.
لای‌ خۆیه‌وه‌ ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول سوپاسی وه‌زیری پێشووی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ كردو وێڕای‌ ده‌ستخۆشی بۆ ئه‌و كارانه‌ی‌ له‌ ماوه‌ی‌ رابردوو ئه‌نجامیان داوه‌، رایگه‌یاند به‌ هه‌موو توانایه‌كمانه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌رنامه‌ی‌ حكومه‌ت جێبه‌جێ بكه‌ین و خزمه‌تی‌ هاوولاَتیانی‌ كوردستان بكه‌ین.
شایانی‌ باسه‌ ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول له‌سه‌ر پشكی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان بۆته‌ وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و گه‌نجترین وه‌زیری كابینه‌كه‌یه‌، كه‌ ته‌مه‌نی‌ 32 ساڵه