وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ئیمارات كۆبوونه‌وه‌

له‌ په‌راوێزی‌ به‌شداریكردنیان له‌ كۆنفرانسی وه‌به‌رهێنانی‌ سالاَنه‌ی‌ دوبه‌ی‌ هه‌ریه‌ك له‌ نه‌ورۆز مه‌ولود وه‌زیری شاره‌وانی‌ و گه‌شتوگوزار و ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێ كردنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ئیمارات له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ سوڵتان بن سه‌عید ئه‌لمه‌نسوری‌ وه‌زیری ئابووری‌ و سوهێل ئه‌لمه‌زروعی‌ وه‌زیری وزه‌ی‌ میرنشینی‌ ئیماراتی‌ عه‌ره‌بی كۆبوونه‌وه‌. له‌ دیدارێكدا هه‌ردوولا گفتوگۆیان كرد له‌باره‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان و میرنشینی‌ ئیماراتی‌ عه‌ره‌بی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هه‌ردوولا به‌ گرنگیانزانی‌ په‌ره‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوانیان بدرێ و له‌ كار و پرۆژه‌كاندا هاوكاری‌ یه‌كتر بكه‌ن. له‌ به‌شێكی‌ تری‌ دیداره‌كاندا وه‌زیرانی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێ كردن و شاره‌وانی‌ باسیان له‌ بارودۆخی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و جه‌نگی‌ تیرۆر له‌ ناوچه‌كه‌ كردو رایانگه‌یاند كه‌ گه‌لی‌ كورد به‌ هه‌موو توانایه‌كیه‌وه‌ رووبه‌ڕووی‌ ئه‌م جه‌نگه‌ ده‌بێته‌وه‌و سنووره‌كانی‌ كوردستان له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ تیرۆرستان ده‌پارێزن. هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ وه‌زیرانی‌ میرنشینی‌ ئیماراتی‌ عه‌ره‌بی ده‌ستخۆشیان له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ كردو رایانگه‌یاند ئه‌و كارانه‌ی‌ گه‌لی‌ كورد مایه‌ی‌ دڵخۆشی و جێگای‌ ده‌ستخۆشییه‌. ته‌وه‌رێكی‌ گفتوگۆكان تایبه‌ت بوو به‌ هاوكارییه‌كانی‌ میرنشینی‌ ئیماراتی‌ عه‌ره‌بی بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ سوڵتان بن سه‌عید ئه‌لمه‌نسوری‌ وه‌زیری ئابووری‌ میرنشینی‌ ئیماراتی‌ عه‌ره‌بی رایگه‌یاند”به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك و له‌ سه‌رجه‌م بواره‌ جیاجیاكاندا ئاماده‌ن هاوكاری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بكه‌ن”. له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌پێویستزانرا ئه‌م جۆره‌ سه‌ردان و گفتوگۆیانه‌ له‌نێوان هه‌ردوولا به‌رده‌وام بن و په‌ره‌یان پێ بدرێ.