????????????????????????????????????

ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول پێشوازی‌ له‌ سه‌فیری كه‌نه‌دا له‌ عێراق كرد

سه‌رله‌به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 3/6/2015 ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێ كردن پێشوازی‌ كرد له‌ بڕۆنۆ ساكۆمانی سه‌فیری كه‌نه‌دا له‌ عێراق و ئوردن و وه‌فدێكی‌ هاوڕێی. له‌ سه‌ره‌تای‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا گفتوگۆیان كرد له‌باره‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان و ولاَتی‌ كه‌نه‌دا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هه‌ردوولا به‌ پێویستیانزانی‌ په‌ره‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌ردوولایان بدرێ و فراوانتر بكرێن. له‌ به‌شێكی‌ تری‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول باسی له‌ گرنگی‌ هاوكاری‌ ولاَتی‌ كه‌نه‌دا بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان كردو گوتی‌”سوپاسی ولاَتی‌ كه‌نه‌دا ده‌كه‌ین كه‌ له‌ ماوه‌ی‌ رابردوودا هاوكاری‌ مرۆیی و سه‌ربازی‌ پێشكه‌شی هه‌رێمی‌ كوردستان كردووه‌و ده‌خوازین ئه‌م هاوكارییانه‌ فراوانتر بكرێن و گه‌شه‌ی‌ زیاتری پێ بدرێت”. لای‌ خۆیه‌وه‌ سه‌فیری كه‌نه‌دا له‌ عێراق و ئوردن له‌پاڵ ده‌ربڕینی‌ سه‌رسامی‌ به‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان پشتگیری خۆی و ولاَته‌كه‌ی‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌و ئاواره‌كانی‌ كوردستان ده‌ربڕی و رایگه‌یاند كه‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هاوكارییه‌كانیان بۆ كوردستان”. كۆتا ته‌وه‌ری‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ پرسی هاتن و هاندانی‌ كۆمپانیا كه‌نه‌دییه‌كان بۆ كوردستان و هاوكاری‌ ولاَتی‌ كه‌نه‌دا بۆ پێگه‌یاندنی‌ كادیری خۆماڵی و كردنه‌وه‌ی‌ خولی‌ مه‌شق و راهێنان، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول داوای‌ له‌ سه‌فیری كه‌نه‌دا كرد هانی‌ كۆمپانیاكانی‌ ولاَته‌كه‌یان بدا بێنه‌ كوردستان و كاربكه‌ن له‌ بواری‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و بووژاندنه‌وه‌ی‌ كوردستاندا، له‌ به‌رامبه‌ردا بڕونۆ ساكۆمانی‌ به‌ڵێنیدا كه‌ هاوكاری‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ بكه‌ن و پاڵپشت بن له‌ بووژانه‌وه‌و په‌ره‌دان به‌ سێكته‌ری‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ كوردستاندا”.