ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول و كونسوڵی ئێران له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كۆبوونه‌وه‌

سه‌رله‌به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16/9/2015 ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێ كردن له‌ شاری‌ هه‌ولێر پێشوازی‌ كرد له‌ مورته‌زا عه‌بادی‌ كونسوڵی كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و وه‌فدێكی‌ هاوڕێی. له‌سه‌ره‌تای‌ دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا گفتوگۆیان كرد له‌ باره‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان و كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران و وێڕای‌ به‌بایه‌خه‌وه‌ روانین له‌م په‌یوه‌ندییه‌ به‌ گرنگیانزانی‌ په‌ره‌ی‌ زیاتریان پێ بدرێ. بارودۆخی‌ كوردستان و ناوچه‌كه‌و كێشه‌و گرفته‌كانی‌ به‌رده‌م پرۆژه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ته‌وه‌رێكی‌ تری‌ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ نێوان هه‌ردوولا بوو، له‌م رووه‌وه‌ وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێ كردن تیشكی‌ خسته‌ سه‌ر ئه‌م قه‌یرانه‌ی‌ رووی‌ له‌ كوردستان كردووه‌و رایگه‌یاند قه‌یرانی‌ ئابووری‌ كاریگه‌ری‌ راسته‌وخۆی خستۆته‌ سه‌ر پرۆژه‌كانی‌ وه‌زاره‌ت و بۆته‌ هۆی دواكه‌وتنی‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌ پرۆژه‌كان و پلان و به‌رنامه‌ تازه‌كانی‌ وه‌زاره‌تیشی وه‌ستاندووه‌. له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هاوكاری‌ زیاتری كۆمپانیاكان بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ كوالێتی‌ باشتر كاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن و پرۆژه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن.