ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول: كۆبوونه‌وه‌و گفتوگۆی لایه‌نه‌كان باشترین كلیلی چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانه‌

ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 19/10/2015 ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێ كردن به‌ ئاماده‌بوونی‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی‌ فراكسیۆنی‌ سه‌وز له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان پێشوازی‌ كرد له‌ ماتیاس میت مان كوسنوڵی گشتی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر. له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا هه‌ردوولا گفتوگۆیان كرد له‌باره‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكاو به‌پێویستزانرا په‌ره‌ به‌م په‌یوه‌ندییانه‌ بدرێ و فراوانتر بكرێن. ته‌وه‌رێكی‌ تری‌ كۆبوونه‌وه‌كان تایبه‌ت بوو به‌ جه‌نگی‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ تیرۆر و رۆڵی پێشمه‌رگه‌ تێیدا، له‌مڕووه‌وه‌ هه‌ردوولا قاره‌مانێتی‌ و نه‌به‌ردییه‌كانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستانیان به‌رزنرخاند و جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هاوكاری‌ زیاتری‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان بكرێ. كۆتا ته‌وه‌ری‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ بارودۆخی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و قه‌یرانی‌ دارایی و رووداو و پێشهاته‌كان، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێ كردن گوتی‌”كۆبوونه‌وه‌و گفتوگۆكردنی‌ لایه‌نه‌كان باشترین كلیلن بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان و هه‌وڵدان بۆ نه‌هێشتنی‌ بارگرژییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی‌ قه‌یرانی‌ دارایی له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان”.