تاوه‌ری‌ چوارپارچه‌ی‌ كوردستان و مزگه‌وتی‌ ئاڵتوون كرانه‌وه‌

ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 29/11/2015 له‌ژێر چاودێری سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونی‌ ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێ كردن و پشتیوان سادق وه‌زیری په‌روه‌رده‌و نه‌وزاد هادی پارێزگاری‌ هه‌ولێر و نوێنه‌ری‌ حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان مه‌راسیمی‌ كردنه‌وه‌ی‌ تاوه‌ری‌ چوار پارچه‌ی‌ كوردستان و مزگه‌وتی‌ ئاڵتون به‌ڕێوه‌چوو. له‌ سه‌ره‌تای‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا وتاری‌ گروپی كۆمپانیاكانی‌ ئاڵتون خوێندرایه‌وه‌و تێیدا باس له‌ پرۆژه‌كه‌و چۆنیه‌تی‌ كاره‌كان و بیرۆكه‌ی‌ دروستكردنی‌ تاوه‌ره‌كه‌و مزگه‌وته‌كه‌ خرایه‌ڕوو. دواتر ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وتاری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ خوێنده‌وه‌ و گوتی‌” لای‌ هه‌مووتان ئاشكرایه‌ كوردستان به‌ قه‌یرانی داراییدا تێپه‌ڕ ده‌بێ و ئه‌مه‌ش كاری كردۆته‌ سه‌ر زۆرینه‌ی‌ پرۆژه‌كان و به‌شێكیانی وه‌ستاندووه‌، كه‌چی مایه‌ی‌ خۆشحاڵیه‌ سه‌رباری‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ داراییه‌ش ئه‌مڕۆ پرۆژه‌ی‌ تاوه‌ری‌ چوار پارچه‌ی‌ كوردستان ده‌كرێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ پێویستی‌ ده‌زانم سوپاسی هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ بكه‌ین كه‌ هاوكاری‌ به‌ ئه‌نجام گه‌یشتنی‌ پرۆژه‌كه‌ بوون، به‌ تایبه‌تی‌ گروپی كۆمپانیاكانی‌ ئاڵتون”. له‌ درێژه‌ی‌ وتاره‌كه‌یدا ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول گوتیشی”ئێمه‌ له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا راسته‌ به‌ قه‌یرانی‌ داراییدا گوزه‌ر ده‌كه‌ین و ئه‌و قه‌یرانه‌ش كاریگه‌ری‌ راسته‌وخۆی له‌سه‌ر پرۆژه‌كان هه‌بووه‌، به‌لاَم ده‌بێ ئه‌مه‌ ببێته‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ رێگه‌چاره‌یه‌كی‌ گونجاو و ده‌ستنیشانكردنی‌ كه‌موكوڕییه‌كان و هه‌نگاونان به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی‌ نوێی كاركردن و پێشخستنی‌”. له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌یدا وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێ كردن گوتی‌”به‌درێژایی ماوه‌ی‌ حوكمڕانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ چه‌ندان قه‌یرانی‌ گه‌وره‌و قوڵ تێپه‌ڕیوه‌و به‌ هه‌وڵ و هیمه‌ت و دڵسۆزی‌ هه‌موو لایه‌ك ئه‌م قه‌یرانانه‌ تێپه‌ڕیون و له‌ هه‌وڵداین ئه‌م قه‌یرانه‌ش تێپه‌ڕێنین، له‌ ماوه‌ی‌ رابردووشدا هه‌وڵمانداوه‌ هاوكار و پاڵپشتی‌ سه‌رجه‌م پرۆژه‌كانی‌ وه‌به‌رهێنان بكه‌ین به‌ ئامانجی‌ سوودگه‌یاندن به‌م كه‌رته‌و سوودمه‌ندبوونی‌ هاوولاَتیان له‌ پرۆژه‌كان، بۆیه‌ لێره‌ش دووپاتی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكار و پاڵپشتی‌ هه‌موو جۆره‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ له‌م شێوه‌یه‌ین و ده‌خوازین په‌ره‌ به‌م جۆره‌ كارانه‌ بدرێ”. دوابه‌دوای‌ ئه‌وه‌ شریتی‌ كردنه‌وه‌ی‌ تاوه‌ره‌كه‌ له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌ كرایه‌وه‌ و سروودێكی‌ نیشتمانی‌ له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند میره‌وه‌ پێشكه‌ش كراو پاشانیش له‌ مه‌راسیمێكدا كه‌ وتاری‌ هه‌ریه‌ك له‌ “وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری‌ ئایینی‌ به‌ وه‌كاله‌ت و پارێزگاری‌ هه‌ولێر و یه‌كێتی‌ زانایان و وتاربێژی‌ مزگه‌وتی‌ ئاڵتون” مزگه‌وته‌كه‌ش كرایه‌وه‌و به‌ سازكردنی‌ مه‌ولودێك كۆتایی به‌ مه‌راسیمه‌كه‌ هات.
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •