روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ نووسینگه‌ی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول-ه‌وه‌

له‌ چه‌ند رۆژی رابردووداو دوابه‌دوای‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران له‌ “21/12/2015” كه‌ به‌ڕێز ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێ كردن به‌شداری‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ نه‌كرد، لێره‌و له‌وێ‌ چه‌ند كه‌ناڵێكی‌ راگه‌یاندن هه‌ر له‌ خۆیانه‌وه‌ به‌بێ بوونی‌ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ك قسه‌ی‌ بێ بنه‌ما هه‌ڵده‌به‌ستن و خوێندنه‌وه‌ی‌ بۆ ده‌كه‌ن، لێره‌دا به‌ هه‌موو لایه‌كی‌ راده‌گه‌یه‌نین كه‌: یه‌كه‌م: ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول له‌سه‌ر پشكی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان له‌ كابینه‌ی‌ هه‌شته‌م وه‌زیره‌و راسته‌وخۆ پابه‌ندی‌ بڕیاره‌ سیاسییه‌كانی‌ حزبه‌كه‌یه‌تی‌ و هه‌ر بڕیارێك له‌ یه‌كێتییه‌وه‌ ده‌ربچێ ئه‌و پێوه‌ی‌ پابه‌نده‌. دووه‌م: له‌ رۆژی ده‌ستبه‌كاربوون و سوێندخواردنیه‌وه‌ ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێ كردنه‌و ئه‌ندامێكی‌ كابینه‌ی‌ هه‌شته‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌. سێیه‌م: له‌ رۆژی كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیراندا جه‌نابی وه‌زیر به‌ كارێكی‌ تایبه‌تی‌ خۆی له‌ شاری‌ سلێمانی‌ بووه‌و نه‌یتوانیوه‌ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران بكات، بۆیه‌ پێویست ناكات هیچ كه‌س و لایه‌نێك نان و پیاز به‌م بابه‌ته‌وه‌ بخوات و له‌خۆیه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ بۆ بكات. نووسینگه‌ی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول 23/12/2015