ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول پێشوازی‌ له‌ یاریده‌ده‌ری‌ سكرتێری گشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرد

سه‌رله‌به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 8/5/2016 ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێ كردن له‌ شاری‌ هه‌ولێر پێشوازی‌ كرد له‌ “د. ئه‌یشه‌ كیرابۆ” یاریده‌ده‌ری‌ سكرتێری گشتی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ جێبه‌جێكار له‌ UN هه‌بیتات و وه‌فدێكی‌ هاوڕێی. له‌ سه‌ره‌تای‌ دیداره‌كه‌دا وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن باسی له‌ مێژووی‌ كاری‌ هاوبه‌شی نێوان وه‌زاره‌ت و UN هه‌بیتات كردو رایگه‌یاند كه‌ له‌و كاره‌ هاوبه‌شانه‌ توانراوه‌ كاری‌ زۆرباش بكرێت و كادیرانی‌ وه‌زاره‌ت سوودی‌ لێ وه‌ربگرن، كه‌ دواجار ئه‌مه‌ به‌ قازانج شكاوه‌ته‌وه‌ بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان. لای‌ خۆیه‌وه‌ د. ئه‌یشه‌ كیرابۆ باسی پرۆژه‌ی‌ پلانی‌ ستراتیژی نیشته‌جێ بوونی‌ كرد كه‌ به‌هاوبه‌شی له‌نێوان وه‌زاره‌تی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێ كردن و UN هه‌بیتات ئه‌نجامدراو كاره‌كه‌ به‌رزنرخێنراو هیواشی خواست وه‌ك هه‌میشه‌ وه‌زاره‌ت هاوكار و پاڵپشت بێ له‌ به‌ ئه‌نجامگه‌یاندنی‌ پرۆژه‌كانی‌ UN هه‌بیتات. ته‌وه‌رێكی‌ تری‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت كرا به‌ باسكردن له‌ پرۆژه‌ی‌ كۆدی بیناسازی‌، كه‌ هاوشانی‌ پرۆژه‌ی‌ پلانی‌ ستراتیژی نیشته‌جێ بوون له‌لایه‌ن هه‌ردوولا ئه‌نجامدراوه‌، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول گوتی”هه‌ردوو پرۆژه‌كه‌ هه‌نگاوی‌ گرنگن بۆ داهاتووی‌ كوردستان له‌ رووی‌ بیناسازی‌ و نیشته‌جێ بوونه‌وه‌، كه‌ ئیتر ده‌توانرێ به‌گوێره‌ی‌ پلان و به‌رنامه‌ی‌ ستراتیژی جێبه‌جێ بكرێن”. ته‌وه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ باسكردن بوو له‌ پلان و به‌رنامه‌یه‌كی‌ تازه‌ی‌ UN هه‌بیتات كه‌ ده‌یانه‌وێ‌ و ئامانجیانه‌ كاربكه‌ن بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ به‌شێك له‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ له‌لایه‌ن تیرۆرستانه‌وه‌ وێران كراون، له‌مڕووه‌وه‌ وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێ كردن وێڕای‌ ده‌ربڕینی‌ هاوكاری‌ و پاڵپشتی‌ بۆیان راشیگه‌یاند كه‌ ده‌توانن سوود له‌ راپۆرته‌ تایبه‌ته‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌ت وه‌ربگرن، كه‌ ئاماده‌كراوه‌ بۆ خستنه‌ڕووی‌ زه‌ره‌ر و زیانه‌كان و چۆنیه‌تی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م ناوچانه‌. له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا به‌ گرنگیانزانی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ زیاتر هه‌بێ له‌نێوان وه‌زاره‌تی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێ كردن و UN هه‌بیتات به‌ ئامانجی‌ جێبه‌جێكردنی‌ پلان و به‌رنامه‌كانی‌ هه‌ردوولاو پێشخستنیان.
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •